نوێترین ئۆفەرخزمەتگوزاری ونرخەکانپـلانەکانئۆفەری بزنـسمەودا و ڕۆمینگخزمەتگوزاری بەشداربووان
سەنتەری میدیا

روونكردنەوەیەك لە کۆمپانیای كورەك تیلیکۆمەوە

 

لە میانەی بەشداریکردنیدا لە ئەلقەیەکی بەرنامەی (ڕوداوی ئەمڕۆ) ی کەناڵی ڕووداو لە بەرواری 11/1/2017 )فارۆق مستەفا ڕەسول( بەبێ مناسەبەت وبەبێ پەیوەندیداری کورەک بە بابەتی بەرنامەکە (چاکسازی بە کێ دەکرێت) هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر کۆمپانیای کورەک، بۆیە وەك ڕاگەیەندنی کۆمپانیای کورەک تیلیکوم بە پێویستمان زانی سەر لەبەری وتەکانی ناوبراو رەتبکەینەوە کە پەیوەندیداربوو بە کۆمپانیاکەمان و رای بگەیێنین کە ناراستن ودوورن لە واقع.

 کاک فارۆق مستەفا دەلێت " کورەک لە ساڵی 2007 زیانی 2 دوو ملیار دۆلاری لە کورد داوە" لێرەدا رای دەگەیێنین کە بەپێچەوانەوە کورەک بە بەشداریکردنی لە زیادکردنی مۆڵەتی مۆبایلی عێراق (کە پرۆسەیەکی شەفاف وکەم وێنەبوو لە ئیدارەی حوکمرانی عێراق) کە کۆمپانیای ناوداری جیهانی (PWC  ) لە شارى عمان رێکیخستبوو، سوودی بە گەلی کوردستان گەیاندوە وەك پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی گەورە کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەزارەها کەس لێ ی سوودمەندبووە، سەرەڕای ئەوەش کە کۆمپانیاکان ئەو بڕە پارەیان خستۆتە خەزێنەی گشتی دەوڵەتەوە ولێرەشەوە دووبارە هاوڵاتیان لەو پارەیەش سوودمەندبوون، لێرەدا لە ئاست وڕادەی خەمخۆری (فارۆق مستەفا) تێناگەین کە مەبەستی چیە؟ ئایا ئەگەر ئەم پارەیە نە چووبایەتە خەزێنەی دەوڵەتەوە خۆی بەسەر هاوڵاتیانی کوردستاندا دابەشی دەکرد!؟
 لە چاوپێکەوتنەکە دا (فارق مستەفا) دەڵێت " ئەگەر یەك کۆمپانیای کوردی هەبوایە لە بواری گەیاندن لە عێراقدا بۆ خەڵکی کوردستان باشتر دەبوو بەڵام کورەک ئامادەیی هاوبەشی نەبووە" لێرەدا چەند خاڵێك دەخەینە ڕوو:


1. بڕیاری حكومەتی عێراق  بە جۆرێک بوو کە دەبێت سێ کۆمپانیا مۆڵەت وەربگرن.
2. ئەم بۆچوونەی کاک فارۆق تەواو پێچەوانەی بنەما زانستی وئەکادیمیەکانی بزنس و ئیدارەدانی ئابووریە، سەرەرای ئەوەی پێچەوانەی ستراتیژی بە‌هێزبوونی ئابووری کوردستانە، کە بوونی تەنها یەك کۆمپانیای قۆرخ کار و پاوان خواز هەرگیز لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نیە چونکە هاوڵاتیانی کوردستان کە بەشداربووی کۆمپانیاکانی مۆبایلن هەردەم بەرژەوەندیان لە کێ بڕکێی کۆمپانیاکان وئۆفەرە جیاوازەکانیاندایە، بەرژەوەندی خەڵک لە نرخی گونجاو و خزمەتگوزاری باشدایە، ئەوە تەنها بەرژەوەندی خاوەن کۆمپانیاکان لە قۆرخکاری وپاوانخوازیدایە.
3. هەرگیز (فارۆق مستەفا) ئامادەیی هاوبەشی وهاوکاری جدی ومەوزوعی لەگەڵ کورەک نەبووە، بە پێچەوانەوە لە پێش وەرگرتنی مۆڵەت ولەکاتی مۆڵەتدا هەموو هەوڵ وتەقەڵایەکی بەئاراستەی دوورخستنەوە ودەرپەڕاندنی کورەک بوو، بە هاوکاری سەرۆکی ئەوکاتی دەستەی گەیاندن و راگەیاندنی عێراق کە هاوڕیی كاك فارۆق بوو ئێستاش تۆمەتباری راکردووە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراقدا، هەوڵی یەكجار زۆریان دابوو بۆ ئەوەی كورەك لە زیادكردنەكە بەشدار نەبێ، بەبێ ئەوەی ئیمە ئاگاداری ئەو هەموو هەوڵە بین دواتر بۆیان باس كردین كە وەزیری دارایی ئەوكات بەرپەرچی دابوونەوەو گووتبوی بۆ بەم شێوەیە دژایەتی ئەم كۆمپانیایە دەكەن خۆ كۆمپانیایەكی عێراقیەو هەموو مەرجێكی تێدایە بۆ بەشداری كردن لە زیاد كردنەكە.

 لە کۆتاییدا بە مافی (فارۆق مستەفا) وهەرکەسێکی تری دەزانین کە لەسەر  شاشەی رووداو هەموو رۆژ بەشان وباڵی خۆی وپرۆژەکانیدا هەڵبدات، وەکو کارگەی چیمەنتۆی حکومی تاسلوجە و مقاولاتی دیکە و هتد... 

بەڵام مافی کەس نیە کە هێرشی ناڕەوا ونابەجێ بکاتە سەر کەسانی دی، هەروەك عەیبەشە بەخشین وهاوکاریەکانمان بەرووی خەڵکدابدەینەوە بەتایبەتیش ئەگەر پارەبن لەبەرامبەر خوێنی پێشمەرگەیەکدا کە کوردستان دەپارێزێت.
 ئێمە بە عە یبە نازانین کە لایەنێکی خاوەن خزمەت و خەبات و تێکوشان هاوبەشی پڕۆژەیەکی گەورە بێت بەڵام دیارە لای ناوبراو عه یبە یە ، لەکاتێکدا شاهیدی ڕاستگۆمان هەیە کە چۆن پێشتر باسی پشکەکانی ئاسیای کردووە، لە لایەکی دیکەوە وا پیشان دەدات کە کۆمپانیای ئێمە شەریکی لایەنێکە کە ئەمەشیان دورە لە ڕاستی و هیچ لایەنێکی سیاسی پشکی نییە لە کۆمپانیای کورەک تیلیکوم دا ئەگەر هەبووایە پیمان خۆش دەبوو.
 ئێمە لە هێرشکردنی کاک فارۆق بۆ سەر حکومەتی هەرێم تێنەگەیشتین ئایا ئەو هەموو سەرمایە و پڕۆژە زەبەلاحانەی دەستی کەوتوون لە سایەی حکومەت و دام ودەزگاکانی دا پێی کەمن؟ یاخود بۆ ئەوەیە کە حکومەت ئەو بڕە پارە کەمەی کە بەخشیویەتی لەبەرنامە تەلەفزیۆنییەکەدا ئەوەشی بۆ بگەرێنێتەوە!
 کە ئێمە نەک منەت بەڵکو بە ئەرک و شانازی دەزانین کە بە شاهیدی خەلکی کوردستان و جیهانیش کە سەرۆکی کۆمپانیاکەمان لەخۆبووردوانەو و نیشتمان پەروەرانە پارێزگاری کردووە لە گەل و نیشتمان بە گیان و مال، ئەگەر کاک فارۆق وردەکارییەکانی بزانێت هیج کاتێک باسی ئەو بڕە پارە کەمە ناکات کە بۆ ریکلام کردن لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی بە شەهیدانی بەخشی، کە ئەمە بچووکترین ئەرکی هەر سەرمایەدارێکە.


ڕاگەیاندنی کۆمپانیای کورەك تیلیکۆم